کۆردۆ ئیحسان: کێشەی سێ پڕۆژەی وەبەرھێنانی دھۆک چارەسەردەکرێت

دھۆک-KDP.info- ژمارەیەک کێشە لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ھەن و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆکیش دەڵێ، کێشەکان چارەسەر دەکەین و مافی ھیچ ھاوڵاتیەکیش نافەوتێت بەپێچەوانەوە قەرەبووش دەکرێنەوە.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" نایشارینەوە ئێمە چەند پڕۆژەیەکمان ھەن لە سنوری دھۆک کێشەی تێدایە و وەبەرھێنەران بەجێی ھێشتوون، گەورەترین کێشەش پڕۆژەی ئارام ستیە لە سەنتەری شاری دھۆک، پێشتر وەبەرھێنەر بەجێی ھێشتووە و دەستەی وەبەرھێنان داویەتی بە وەبەرھێنەرێکی دیکە، بەڵام وەبەرھێنەری ئێستاش پابەند نەبووە، لەبەر ئەوەش لەگەل ئیدارەی دھۆک و دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتی یەک مانگ بە وەبەرھێنەرەکە دراوە کارەکانی ئەنجامبدات بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک گوتی" ھەندێ پڕۆژەی دیکەی نیشتەجێبوون ھەن کێشەیان ھەیە، بەڵام کێشەکانیان زۆر گەورە نین، وەک پڕۆژەی دەلال لە زاخۆ، پڕۆژەی عادل موتەحیدە لە ناحیەی فەیدیە، ئەوانیش لەھەولداین بۆ دەستپێکردنەوەیان.
لەبارەی مافی ھاووڵاتیانی بەشدار لە و پڕۆژانە کوردۆ ئیحسان جەختی کردەوە" مافی یەک ھاووڵاتی نافەوتێت، بەپێچەوانەوە قەرەبووی ھاووڵاتیان دەکرێتەوە لەو پارەیەی نەیانداوە بەرامبەر بە دواکەوتنی پڕۆژەکان، ھەروەھا وەبەرھێنەرانی نوێش پڕۆژەی دیکەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی زەر نەکەن و بتوانن ئەو پڕۆژانەی بە نیوەچلی بەجێی ھێشتوون تەواو بکرێن.
قائید میرۆ




