وردەکاری دروستکردنی یەکەیەکی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی بۆ دروستکردنی یەکەیەکی ژمێریاری، بڕیارە بە قۆناغ جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیش نەسریەی ھەردوو یەکەی ٧٠و٨٠ دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دواتریش قۆناعەکانی دیکە جێبەجێ دەکرێت تا ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک دەخرێت.
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی کە یەکەیەکی ژمێریاری بۆ ھەموو ھێزی پێشمەرگە دروست بکرێت و یەکەی ٧٠و٨٠ش بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ھەموو ھێزی پێشمەرگە ببێتە یەک ھێز و ھەمووشی لە وەزارەتی پێشمەرگە مووچە و نەسریەی خۆی وةرەبگرێت و وەکو ھێزێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەمە بە قۆناغ دەکرێت.
لیوا قارەمان کەمال گوتیشی، لە یەکەم ھەنگاویش لە قۆناغی یەکەم، لە مانگەکانی داھاتوو نەسریەی ھەردوو یەکەی ٧٠و٨٠کە راستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی وەردەگرن، ئیدی لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن، رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت دواتر بەسەر ھەردوو یەکە دابەش دەکرێت.
کەمال باسی لەوەشکرد، دوای ئەوە قۆناغی دیکە جێبەجێ دەکرێت، وەکو پێدانی مووچە لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە، تاوەکو ھەموو ھێزی پێشمەرگە دەبێتە یەک ھێز و ھەمووشی لە وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت.
بڵند ئیبراھیم




