٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە سەنتەری پارێزگای دھۆک نزیکەی حەوتھەزار خانووی زیادەڕۆ تاپۆ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندیی دھۆک گوتی، دوای دەرکردنی یاسای پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان، لە پارێزگای دھۆک دەست بە تاپۆکردنی خانووەکان کراوە و تەنھا لە سەنتەری دھۆک نزیکەی حەوتھەزار خانووی زیادەڕۆ تاپۆ دەکرێن .

جەھوەر عەلی، قایمقامی قەزای ناوەندیی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای دەرکردنی یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان لە پەرلەمانی کوردستان لە پارێزگای دھۆک دەست بە تاپۆکردنی خانووەکان کراوە و تاوەکو ئێستا دووھەزار و ٨٢٠ کەس تەنھا لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و ھەردوو گوندی ئیتیتی و قەسارە مامەڵەیان پێشکەش کردووە و خانووی زێدەڕۆیان لەسەر زەویی شارەوانی دروست کردووە و پێویستە تا ١٠/١٠ی ئەمساڵ ئەوانەی ماون مامەڵە پێشکەش بکەن، ئەگەر درێژ نەکرێتەوە دواتر مامەڵەیان وەرناگیرێت."

جەھوەر عەلی گوتیشی: "لە سنووری سەنتەری پارێزگای دھۆک نزیکەی حەوتھەزار خانووی زیادەڕۆ ھەیە بۆ تاپۆکردن، ھەرکاتێک مامەڵەکان تەواو بوون دواتر لیژنەکانی ئێمە دەچنە سەر خانووەکان و کەشفیان بۆ دەکەن".

عەلی باسی لەوەش کرد: "ئەوانە پێویستیان بە کەشف ھەیە، چونکە ھەندێک خانوو نابێت لە ھەندێک شوێن ھەبن، وەکو شوێنی جادە، یان سەوزایی، یاخود بازرگانی و دەبێ دیار بێت ڕووبەری چەندە و پێویستە شوێنی نیشتەجێبوون بێت، ئەوکات تاپۆ دەکرێت."

پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی دەرکردووە تایبەت بەو خانووانەی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی زیادەڕۆ دروست کراون و ئێستا لە سنووری پارێزگای دھۆک تاپۆکردنی ئەو خانووانە دەستی پێ کردووە."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار