٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیرەك كەمال: فرەبازنەیی ھەڵبژاردن، پیلانە دژی كورد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی پاشكۆی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ھەر پارێزگایەكی عێراق چەند بازنەیەك دیاری كراون و لایەنە عێراقیەكانیش ناكۆكن لەسەر پرسی فرەبازنەیی، ھاوكات چاودێرێكی سیاسیش پێی وایە، فرەبازنەیی پیلانە دژی كورد ئامادە كراوە.

لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراقدا، كوتلەكان نەگەیشتنە ھیچ ئەنجامێك لەسەر ئەو پێشنیازانەی ئامادە كراون و پرسی دیاریكردنی بازنەكانی ھەڵبژاردنیش بۆ مانگی داھاتوو دواخرا.

زیرەك كەمال، چاودێری سیاسی، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئەگەر ھەر پارێزگایەك بەسەر چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردندا دابەش بكرێت، یانیش وەك پێشنیاز كراوە بۆ ھەر قەزایەك بازنەیەكی ھەڵبژاردن دیاری بكرێت، ئەوە كورد زەرەرمەندی یەكەمی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراقە، بە تایبەتی لە ناوچە داگیركراوە كوردستانییەكان".

پەیوەست بە بۆچوونی لایەنە كوردستانییەكانیش، ئەو چاودێرە جەختی كردەوە: "ھەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان و بۆچوونی ھەرێمی كوردستان بە گشتی ئەوەیە، ھەر پارێزگایەك بكرێتە بازنەیەكی ھەڵبژاردن، بە پێچەوانەوە ھەر پێشنیازێكی دیكە لای كورد قبووڵكراو نییە".

زیرەك كەمال گوتیشی: "فرەبازنەیی پیلانە دژی كورد دەیگێڕن، چونكە دەزانن بەو ھۆیەوە دەنگی كورد كەم دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی دەبێتە ھۆی پەرتبوونی دەنگی كورد و ھێشتا دۆخی ناوچە داگیركراوەكانیش ئاسایی نەكراوەتەوە، جا ئەگەر ھەڵبژاردنیش بەسەردا بێت، ئەوە ئێجگار مەترسیدارە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار