٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابكەیی: ھاتنی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان لەسەر دوو بابەتە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوێنێ شەممە، مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد كۆبوونەوەیەكی بۆ رێك بخرێت و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، سەرۆكی حكوومەت ھەمیشە ئامادە بووە بێتە پەرلەمان و ھاوكار بووە لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان.

رێبوار بابكەیی، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیامەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان روونە و، وەڵامێكیشە بۆ ئەوانەی دەیانگوت سەرۆكی حكوومەت ئامادە نییە بێتە پەرلەمانی كوردستان، بە پێچەوانەوە مەسروور بارزانی ھەمیشە ئامادەیی تێدا بووە بۆ ئەوەی بێتە پەرلەمان و ھاوكار بووە لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان".

پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: "پێشتریش سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھاوكار بووە لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان، ھەم لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ھەمیش لەگەڵ فڕاكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان چەندین جار كۆبووەتەوە بۆ پێدانی زانیاری".

بابكەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھاتنی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان، زیاتر لەسەر دوو بابەتە، یەكەمیان جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان، كە پێشتر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراوە، دووەم روونكردنەوە لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا بە پەرلەمان دەدات، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە مەسروور بارزانی ئامادەیە ھاوكار بێت لەگەڵ دەزگای یاسادانان، كە ئەویش پەرلەمانە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار