كەركووك.. بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت ٢٦٠ ملیۆن دینار بۆ خوێندنی كوردی دابین كران

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لە كەركووك رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەموو پێداویستییەكی پزیشكی بۆ قوتابخانە كوردییەكان دابین كراوە و دەشڵێ، بە بڕی ٢٦٠ ملیۆن دینار، پێداویستیی پەروەردەیی بۆ قوتابخانەكان دابین كراون.
شێرزاد ڕەشید كاكە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو پارەیەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ كەرتی پەروەردە تەرخانی كردووە، بۆ خۆپاراستنی قوتابی و مامۆستایان بووە لە نەخۆشیی كۆرۆنا و بۆ كەركووكیش بەشی ئێمە ئامادە كراوە و لە كۆگای ھەولێر دانراوە و تەنھا ماوە رێكارەكان تەواو بكەین و وەری بگرین، كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پێداویستیانە وەردەگرین".
كاكە گوتیشی: "بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت، بە بڕی ٢٦٠ملیۆن دینار بۆ پێداویستیی پەروەردەیی تەرخان كراوە، وەكو كڕینی كورسی و ھۆیەكانی دانیشتنی منداڵان و قەنەفە و مێز بۆ ئیدارە و فێنككەرەوە و ھەرچی پێویستیشە بۆ قوتابخانەكان كڕدراوە بەو پارەیە، كە لە ئێستادا ھەمووی ئامادە كراوە و بەو بڕەپارەیەش لەم دۆخەدا توانرا كێشەی خوێندنی كوردی چارە بكرێت و حكوومەتیش ئامادەیە ھەرچی پێویستمانە بۆمان دابین بكات و كێشەكانمان چارەسەر بكات".
دەشڵێ: "حكوومەتی عێراق ھاوكاریی ئێمەی نەكردووە و ھەرچی بشكرێت، بۆ قوتابخانە عەرەبییەكان دەكرێت".
بڵند ئیبراھیم




