بە گەشتوگوزار گوندەكانمان دەبوژێنینەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزارە لەسەرتاسەری دنیا و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بە خێرایی بەرەو پێش هەنگاوی ناوە، لە زیاد بوونی ژمارەی گەشتیاران و لە زیادبوونی شوێنە خزمەتگوزارییە گەشتیارییەكان، ئەمەش بەپێی پلانێكی ستراتیژی بووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 27ـی ئەیلوول، بەڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار لەسەرتاسەری دنیا دیاری كراوە و ئەو یادەش لە هەرێمی كوردستان دەكرێـتەوە و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش پێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە.
ساڵانە زیاتر لە یەك ملیار و 400 ملیۆن گەشتیار بە جیهاندا گەشت دەكەن، زیاتر لە یەك ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار داهاتی بۆ جیهان هەیە، كە بە ریژەی 11% ئابووری جیهان پێك دەهێنێت، زیاتر لە 300 ملیۆن هەلی كار لە جیهان دابین دەكات، گرنگی دان بە ژیان و گوزەران و دابینكردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە یەك ملیار گەشتیار بۆتە ئەركی سەرجەم دامودەزگاكانی گەشتیاری و بابەتێكی سەردەمیانەی جیهان.
لە ڕاگەیەنراوێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانیش هاتووە، چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستانیش گرنگی بە رۆژی جیهانی گەشتوگوزار دەدرێت، چونكە ئەو پێشكەوتنەی گەشتوگوزاری جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، لە ئیستادا هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش نییە، بۆیە دەمانەوێت لەم رۆژەدا ئەم پێوەندیە بە هێزتر بكەین و سوود لە ئەزموونی گەشتیاری وڵاتان و رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی وەربگرین و زیاتر پەرە بەكەرتی گەشتیاری بدەین.
باس لەوەشكراوە، دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلانی بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری لادێ داڕشتووە و یەكێك لە چالاكییە سەرەكییەكانی پلانی 2020 دانرابوو، بۆیە لە رۆژی جیهانی گەشتوگوزار بەدروشمی "بە گەشتوگوزار گوندەكانمان دەبوژێنینەوە" گرنگی بەپەرەپێدانی گەشتوگوزاری لادێ دەدەین، كە هاودروشمە لەگەڵ گەشتوگوزاری جیهان.
ساڵانی رابردوو كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بە خێرایی بەرەو پێش هەنگاوی ناوە، لە زیاد بوونی ژمارەی گەشتیاران و لە زیادبوونی شوێنە خزمەتگوزارییە گەشتیارییەكان، ئەمەش بەپێی پلانێكی ستراتیژی بووە، هەروەها ماستەرپلانی گەشتوگوزاری كوردستان لە ئێستادا دەست بەكارە و تا ساڵی 2025 پلانی بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری داڕشتووە.




