٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2020 مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند، خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ زەنگی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لێدەدەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی دواتریش خوێندنی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی دەست پێبكات.

سەرۆكی حكوومەت سوپاسی وەزیری پەروەردەی كرد، بۆ ھەوڵ و ماندوبوون و دانانی میكانیزمێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، بەتایبەتی لەم دۆخەی كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھاتووەتە ئاراوە. ھاوكات سوپاسی مامۆستایانی كرد كە بەردەوامن لە ئەركەكەیان، كە بەردەوام پێشەنگن لە خزمەتكردنی وڵاتەكەیان.

سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، راستە خوێندن پرۆسەیەكە بۆ فێربوون، بەڵام لە ھەمانكاتدا قۆناغێكە بۆ ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، قوتابی بۆ ئەوە دەخوێنن، تا ببن بە ئەندامێكی كاریگەری كۆمەڵگە و فێری زانست بن، بۆ ئەوەی وڵات بەرەوپێش بەرن. خوێندن تەنھا خوێندنەوەی كتێب و وانە نییە، بەڵكو خۆئامادەكردنە بۆ ژیان، بۆیە تا زیاتر خۆتان ئامادەبكەن بۆ ژیان ھێندە دەتوانن سەركەوتووبن لە ژیان. دڵنیام زۆر لە ئێوەی قوتابیان ژیانی بندەستیتان نەبینیوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم ھەرێمە ھەیە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانێكی زۆرە، زۆر لە كەسوكاری ئێوە بۆ رزگاری نیشتمان و گەیشتنی ئەم ھەرێمە بەم قۆناغە، خەباتیان كردووە و تێكۆشاون، بۆیە پێویستە قەدری ئەوە بزانین، پێویستە بزانین ئەوە بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی خەڵكی پێش ئێمەیە و دەبێ ئەم بەرھەمە بپارێزین، داواتان لێدەكەم ھیچ كەس و شتێك وڵاتەكەتان  و مێژووە پڕ سەرەوەرییەكەتان لەبەرچاو ناشیرین نەكات، ئەركی ئێوەیە پارێزەری ئەو دەستكەوتانە بن، دەبێ ئێوە خۆتان ئامادە بكەن بۆ قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی.

مەسروور بارزانی، بۆ قوتابیان راشیگەیاند، پێویستە ئێوە پێش ھەموو كەسێك خۆتان و مامۆستا و كەسوكارتان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن، بۆ ئەوەی تەندروست بن و درێژە بە خوێندن بدەن. بەو ھیوایەی ھەمووان تەندروست باش بن، دڵنیابن ئێمە وەك حكوومەت ئەوەی پێمان بكرێت دەیكەین بۆ بەرەوپێشەوەچوونی كەرتی پەروەردە، بەرنامەی زۆرمان ھەیە بۆ پێشخستنی پەروەردە و خوێندن و كەرتەكانی دیكە، بەڵام قەیرانی دارایی لە جیھان كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستانیش ھەبووە، بەڵام ئەوە نامان وەستێنێ و بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی پڕۆژە و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە، یەكێك لە بەڵێنەكانیش پەرەدانە بە كەرتی پەروەردە و خوێندنە.

دوای لێدانی زەنگی قوتابخانە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی بەحركە لە سنووری ھەولێر. مەسروور بارزانی چەند پۆلێكی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە چاوی كەوت بە ئامادەكاریی و گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ خوێندن و خۆپاراستنی قوتابی و مامۆستایان.

لەمیانی رێوڕەسمی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ساڵی نوێ، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە، سوپاسگوزاری ئاراستەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد، كە 540 ملیۆن دینار وەك بودجە بۆ پێداویستییە پزیشكییەكان و خۆپارێزی لە قوتابخانەكان تەرخان كردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار