٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ره‌وشی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا روونده‌كرێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، وتارێکی پێشکەش بە لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق کرد.

لە دانیشتنێکی فەرمی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق و بە ئامادە بوونی بەڕێوبەری بەشی کەنداو و عێراق لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و نووسینگەی پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپادا، دلاوەر خالد ئاژگەیی،  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی وتارێکی لە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بابەتێکی بۆ بەشداربووان خستەڕوو کە گرنگترینیان تایبەت بوو بە تیشک خستنەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپاو رەوتی دانوساندنەکانی نێوان هەردوولا و مەترسی سیاسەتی بە عەرەبکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و پرسی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانە و مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش.  جیا لەمەش و لە تەوەرێکیدیکەدا پرۆسەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و  چەند پرسێکی تر خرانە بەر باسەوە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، ئەم بابەتە تەنیا خۆی لە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمدا نابینێتەوە و حکوومەتی هەرێم بڕوای وایە سەرجەم کێشەکان دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ و بە پێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن و حکوومەت و گەلی کوردستان وەکوو هاوبەشی راستەقینە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و پەیوەست بەمە ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بە ناردنی شاند بۆ بەغدا و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و رێککەوتن هاوکاری هەردوولا بکات و توانا دیپلۆماسیەکانی بخاتە گەڕ.

لە تەوەرێکی تردا دلاوەر خالد ئاژگەیی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان،  بە تایبەتی کەرکووکی خستەبەرباس و گفتوگۆوەو ئاماژەی بە میکانیزمی بە سیستەم کرا و سیاسەتی پڕ لە مەترسی بە عەرەب کردنی ئەو ناوچانەی کرد و رایگەیاند، کە حکوومەتی هەرێم زۆر بە وردی چاودێری بارودۆخی ئەم ناوچانە دەکات و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە قەبوڵ ناکات و ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دواجار سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیان دەخاتە مەترسیەوە و حکوومەتی فیدراڵی لێ ئاگادار کردووه‌تەوە و بڕیارە تایبەت بەم پرسە شاندێک رەوانەی بەغدا بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار