پەرلەمان: بۆ دابەشكردنی نەوت نووسراومان ئاڕاستەی حكوومەت كردووە

هەولێر-KDP.info- لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپییەوە كۆبووەوە و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێ، هەرێمی كوردستان پێویستی بە 258 ملیۆن لیترە بۆ دابەشكردن.
جیهاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوە و یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەمان، پرسی دابەشكردنی نەوتی سپییە بۆ وەرزی زستان و لیژنەی سامانە سرووشتییەكان نووسراوێكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كردووە".
ئەندامەكەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەڵێت: "حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەمساڵ بڕیاری داوە پەنجا ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستی بە 258 ملیۆن لیترە بۆ ئەوەی هەر خێزانێك یەك بەرمیلی بەسەردا دابەش بكرێت".
حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە ئومێدمان هەیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ بەرمیلێك نەوت دابەش دەكات و كورتهێنانی نەوتی ماڵان پڕ دەكاتەوە و هیوادارین حكوومەت لە دابەشكردنی نەوت پەلە بكات".
قائید میرۆ




