٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفار بۆ KDP: حكوومەت بەپەلەیە.. دەستكاریی پشكی هەرێم ناكرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی‌ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی لە ئەنجومەنی نوێنەران كشاندەوە، بۆ ئەوەی هەندێك گۆڕانكاری لە پشكی پارێزگاكاندا بكات. دەشڵێ، دەستكاریی پشكی هەرێمی كوردستان ناكرێت.

د. ئەحمەد سەفار، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دوای ڕەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی 21ی ئەم مانگە، لە ئێستادا ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كشێنراوەتەوە بۆ ئەوەی ژمارەیەك گۆڕانكاریی تێدا بكات."‌

بڕیاردەری لیژنەی دارایی‌ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونی كردەوە، كشانەوەی پڕۆژەیاساكە بۆ ئەوەیە هەندێك گۆڕانكاری لە پشكی پارێزگاكاندا بكرێت، بەڵام هیچ پەیوەندی بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە نییە، چونكە پشكی هەرێمی كوردستان جێگیر كراوە لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی لە نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێم هەیە.

سەفار گوتیشی، گۆڕانكارییەكان كەمن و چاوەڕوان دەكرێت بە زوویی پڕۆژەیاساكە بگەڕێننەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، چونكە حكوومەت بەپەلەیە و دەیانەوێت تێپەڕێت.

دەشڵێت: "دوای گەیشتنی پڕۆژەیاساكە، دەدرێت بە لیژنەی دارایی و ئینجا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و، دواتر خوێندنەوەی دووەم و ئینجا لیژنەی دارایی تا تەواو دەبێت كاری لەسەر دەكەن، دواتر دانیشتنی تایبەت بە پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە دەبێت، چاوەڕێ دەكەین لە سەرەتای مانگی 10 تا نیوەی مانگی 10 پڕۆژەیاساكە تەواو ببێت".

لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانیشەوە، ناوبراو گوتی: "رێككەوتنەكە دەمێنێتەوە سەر هەماهەنگیی نێوان سەركردایەتیی هەرێم لەگەڵ سەركردایەتیی بەغدا، هەوڵی باشیش هەیە بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە وەك خۆی لەنێو بودجە تێپەڕێت، ئێمەش هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین و لۆبییەك دروست دەكەین بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت".

پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ـی عێراق، بە ‌ 148 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، تەواوی داهاتی پێشبینیكراویش 67 تریلیۆن دینارە، پێشبینی دەكرێت 81 تریلیۆن دینار كورت بهێنێت. پشكی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەكەدا بە 12.67%ـی خەرجییە راستەقینەكان دیاری كراوە كە دەكاتە 12 تریلیۆن و 621 ملیار دینار.

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار