ئاژگەیی: یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێی وڵاتەکە بۆ ساڵێکی دیکە درێژبکاتەوە

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بەشداریی لە کۆبوونەوەی فەرمی یەکێتیی ئەروروپا کرد، کە تایبەت بوو بە سندووقی هاوکاری یەکێتیی ئەوروپا تایبەت بە پەنابەرانی سووریا و لەو کۆبوونەوەیهدا بڕیاریاندا پرۆگرامی هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی دراوسێی سووریا تاوەکو ساڵێکی دیکە درێژبکەنەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 22.9.2020 کرا و لەلایەن ناوەندی قەیرانی یەکێتیی ئەوروپاوە رێکخرابوو، کە تایبەت بوو بە پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێ. لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێی سووریا، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا و ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەشداربوون و لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوەچوو.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی وڵاتانی ئەندام و کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپام کرد بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانەوە".
ئاژگەیی داوای بەردەوامی پرۆگرامەکانی یەکێتیی ئەوروپای کردووە لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت "بە تایبەتی لەم بارودۆخە سەختەی کە بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و ئابووری رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە هاوکارییەکان پێویستن".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبوونەوەدا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بڕیاریاندا پرۆگرامی هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی دراوسێی سووریا تاوەکو ساڵێکی دیکە درێژبکەنەوە، و هاوکارییەکە پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
-
-
-




