جێفری پشتیوانیی کۆشکی سپیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- ئەندامێکی ئەنەکەسە لە ئیئتلافی نیشتمانیی سووریا ڕایگەیاند، هاتنی جەیمس جێفری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گرنگیییەکی گەورەی هەبوو، لە کۆبوونەوەکاندا ئەو جەختی لە پەیوەندییەکانی PYNK و ENKS کرد و پشتگیریی کوشکی سپیی پێ ڕاگەیاندن.
ڕۆژی دووشەممە، جەیمس جێفری، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە سەردانێکی کتوپڕدا گەیشتە حەسەکە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری خۆسەر و هەسەدە و بەرپرسانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەگەڵ ئەنجومەنی سەربازی و مەدەنیی دیرەزۆر کۆ بووەوە.
جێفری ڕایگەیاند، ئەوان پشتیوانیی ئەو مەجلیسە دەکەن و پشتیوانیی خۆیشیان بۆ گفتوگۆی کوردی-کوردی دیار کرد کە لە نێوان ENKS وPYNK ـدا بەردەوامە.
گفتوگۆی کوردی-کوردی
لەوبارەیەوە شەلال گەدۆ، لە لێدوانێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: ''جەیمس جێفری پیی وابوو کە بە زووترین کات ڕیککەوتنێکی گشتگیر لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بێت، چونکە ئێستا یەکێتیی کورد بۆ ئەوان زەروورەتێکی گەورەیە."
"چونکە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دەبێ یەکێتیی کورد لە سووریا پارێزراو بێت، چونکە هەموویان بۆ ئەوە دەچن کە دەبێ بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی جێبەجێ بکرێت." گەدۆ وا دەڵێت.
گەدۆ گوتیشی: ''جێفری ئەو پەیامەی بە کورد دابوو کە چیتر ئەوەی لە گرێسپی و سەرێکانی و عەفرین ڕووی دا لە هیچ شوێنیکی تر ڕوو نادات، ئەمەش بە بۆچوونی من یەکەم جارە بەڵێنێکی وا بە کورد بدرێت، جێفری پێی وابوو دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا گەیشتووەتە قۆناغیکی باڵا."
هەنگاوی زێڕین
کورد هەنگاوی گەورەی لە دانوستاندنەکانی نێوان ENKS و PYNKدا بڕێوە و هەردوولا لەسەر ڕوئیای سیاسی و دانانی لێڤەگەر ڕازی بوون.
گەدۆ لەبارەی وردەکاریی دانانی لێگڤەگەڕایەتی بۆ کورد گوتی: ''ئەو لێڤەگەڕە لە ٤٠ کەس پێک دێت، بۆ هەرلایەک ١٦ کەس دەبن و ٨ کەسی سەربەخۆ هەڵدەبژێردرێن، بۆ هەرلایەک ٤ کەس و دواتر لە نێوخۆیاندا پەیڕەوێکی نێوخۆیی دادەنێن لەسەر دانانی دەستەیەکی سەرۆکایەتی.
پرسە چارەنووسسازەکان
دوو قۆناغ تێپەڕین و بڕیاریان لەسەر درا، قۆناغێ سێیەم هەستیارترین قۆناغ و چارەنووسسازە، گەدۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: "قۆناغێ سییەم لەسەر سێ پرس کار دەکەین؛ ئیدارە، مەنهەجی فێرکردن، سەربازی و، ئەوەی کە چۆن ئەنەکەسە بچیتە نێو ئیدارە و پێمان باشە مەنهەجی فێرکردن ''ئیدۆلۆجی'' نەبێت، دەبێ ددانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەنهەجە هەبێت و یونسکۆ ددانی پێدا بنێت."
چەتری پێشمەرگەی ڕۆژ و هەسەدە
ئەنەکەسە لەگەڵ دنیای مودێرنی شارستانیەتیدایە و، پێی وایە دەبێ یەک هێز و لەژێر یەک بریاردا هەبێت، بۆچوونی گەدۆش وایە و دەڵێت: "لە هەموو دنیادا دوو هێز ناکرێ بۆ وڵاتێک هەبێت و دەبێ یەک هێزیان هەبێت، پێشمەرگەی ڕۆژیش نەوەی ڕۆژئاوان و خەڵکی ڕەسەنی قامشلۆ و حەسەکە و ناوچەکانی ترن، بۆیەش دەبێ هەماهەنگییەک لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکانی وەک پێشمەرگەی ڕۆژ و هەسەدەدا هەبێت و لەژێر یەک چەتردا بن و بە بڕیاری لێڤەگەڕ بجووڵێت."
کـــاروان بــاعەدری




