٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ سێشەممە 2020/9/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی باڵیۆز جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانێتی نێودەولەتی دژی داعش.


لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی  گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق  وسوریا و گرنگیی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش .

باڵیۆز جەیمس جێفری، ڕۆڵ و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە لەیەک نزیکردنەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بەرز نرخاند و جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی ” هەرێمی کوردستان بە هۆی هەمەڕەنگی و زیندوویتی و دۆستایەتییەکەی لە گەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگەیەکی گرنگ و ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە“ .
سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوەدا ، کە پرۆسەی گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتییانەی کیشەکان لە سەر بنەمای دەستوور . جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و دەستدرێژی و هەڵکوتانە سەر موڵک و زەوی دانیشتووانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی.

هەواڵی پەیوەندیدار