٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان: پەیاممان گەیاندووەتە ھەموو لایەنە سیاسییەكان.. زیانی گەورە دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سیستمی فرەبازنەیی كێشەی ئێستای نێو لایەنە عێراقییەكانە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەی ئیدارەی ھەرێمیش لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، فرەبازنەیی زیاتر لە ھەموو لایەنێك زیانی بۆ كورد ھەیە.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ سیستمی فرەبازنەییدا نینە بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق، چونكە فرەبازنەیی زیانی گەورە بە دەنگی كورد دەگەیەنێ لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و، پەیامی خۆشمان گەیاندووەتە ھەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەبارەی مەترسیی فرەبازنەییەوە".

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێت: "ئەگەر بۆ ھەر پارێزگایەك چەند بازنەیەك دیاری بكرێت، ئەوە بێگومان دەنگی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان كەم دەبێتەوە، چونكە بە ھۆی تەعریب و داگیركاری رێژەی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان كەمی كردووە و لە بەرامبەردا رێژەی خەڵكی دیكە زیادی كردووە".

رۆژبەیانی، هەروەها ھۆشداری ئەوەیشی دا: "ئەگەر بێت و لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەو سیستمەی فرەبازنەیی، كورد یەكگرتوو نەبێت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەوە بێگومان زیانەكانی زۆر زیاتر دەبن لەوەی چاوەڕێ دەكرێت، لەبەر ئەوەش پێویستە ھەموو لایەنەكان یەكدەنگ و یەكگرتوو بن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار