ئەنەكەسە و پەیەدە لە قۆناغی سێیەمی دانوستانەكانن

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا رایدەگەیەنێت، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەم، كە رێككەوتنی سیاسی بوو، ئێستا قۆناغی دووەمی دانوستانەكانی ئەنەكەسە و پەیەدە تەواو بووە، كە ئەویش رێككەوتن لەسەر ئەنجومەنێك بوو كە لە ٤٠ كەس پێكدێت.
دكتۆر كاوە ئازیزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی ئەنەكەسە و پەیەدە لە قۆناغی یەكەم لە ڕووی سیاسییەوە رێككەوتن، ئێستا لە قۆناغی دووەمدا لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنێكیش رێككەوتوون، كە لە ٤٠ كەس پێكدێت، ٤٠% بۆ ئەنەكەسە و ٤٠% بۆ پەیەدە و ٢٠ـیش بۆ كەسانی سەربەخۆ و ئەو حیزبانە دەمێنێت، كە لە دەرەوەی ئەو دوو لایەنەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا گوتیشی، بڕیارە لە قۆناغی سێیەمدا لە ڕووی ئیداری و سەربازی و گەڕانەوەی لەشكری رۆژ گفتوگۆ بكەن و خاڵ بە خاڵ رێككەوتنی لەسەر دەكرێت.
ئازیزی دەشڵێ، ھاتنی جەیمس جێڤری نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەیە، كە ھاوشانی ھەرێمی كوردستان ھاوكاری سەرەكین بۆ ئەوەی ئەنەكەسە و پەیەدە بگەنە رێككەوتن و، ھاتووە تا ئەنجامی سەردانی خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان بۆ سەركرایەتیی كورد بخاتە ڕوو.
بڵند ئیبراھیم




