٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕیحان حەنا: پێکھاتەکان لە شێوازی بازنەکانی ھەڵبژاردن جیا کراونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پرسی شێوازی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق پرسە ھەرە گەرمەکانە و نوێنەرێکی پێکھاتەکانیش دەڵێت، ھەڵبژاردنی داھاتوو بە ھەر شێوازێک جێبەجێ بکرێت کاریگەریی لەسەر کۆرسیی پێکھاتەکان نابێت.

ڕیحان حەنا، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە بڕیارە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق بە سیستەمی فرەبازنەیی جێبەجێ بکرێت و بڕیارە یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو بکرێت، بەڵام ھێشتا لەسەر شێوازی فرەبازنەیی بۆچوونی جیاواز ھەیە و لایەنە عێراقییەکان ناکۆکن لەسەر ئەو پرسە، دەتوانم بڵێم لایەنەکان دابەشی سەر دوو بەرە بوونە؛ بەشێکیان دەیانەوێت بە فرەبازنەیی جێبەجێ بکرێت و بەشێکی دیکە خوایاری تاکبازنەیین."

لەبارەی کاریگەریی شێوازی نوێی ھەڵبژاردنەکان لەسەر پێکھاتەکان ئەو نوێنەرەی کریستیان دەڵێت: "بە ھەر شێوازێک جێبەجێ بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو کاریگەریی لەسەر پێکھاتەکان نابێت، چونکە پێکھاتەکان لەسەر ئاستی عێراق کۆرسیی کۆتایان بۆ دیاری کراوە و لەو بازنەیەی ھەڵبژاردن بەدەرن."

پەیوەست بە ژمارەی کۆرسیی کۆتاکان ڕیحان حەنا ڕوونی کردەوە: "ھەرچەندە پێکھاتەکان پێشتر داوای زیادکردنی کۆرسیی کۆتایان کردووە، بەڵام ئێستا ھەروەک خۆی ماون و بۆ ھەڵبژاردنی ئایندەش کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو بەڕێوە بچێت ھەمان ژمارەی کۆرسیی کۆتا جێگیر کراوەن و گۆڕانکارییان بەسەردا نەھاتووە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار