"لە ھەولێر ٢٠٠ ھەزار درەخت و نەمام دەچێندرێن"
__2020_09_21_h16m47s40__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٢٠٠ ھەزار درەخت و نەمام بچێندرێن و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی ھەولێریش دەڵێت، لە قۆناغی یەکەمدا ٣٠ ھەزار نەمام دەچێندرێن بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئیدارەی ھەولێر بڕیاری داوە لەم وەرزەدا کە بۆ نەمامچاندن گونجاوە ٢٠٠ ھەزار نەمام بچێندرێن و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو وەک قۆناغی یەکەم ٣٠ ھەزار نەمام بچێنین، دواتر ھەڵمەتێکی دیکەی چاندنی درەخت بە سەرپەرشتیی پارێزگاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت."
بەڕێوەبەری پارکەکانی ھەولێر گوتی: "بەشی زۆری نەمامەکان بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارک و باخچەکانە و لەلایەن نەمامگەکانی خۆمانەوە بەرھەم ھێندراون."
ڕێبین ئەحمەد جەختی کردەوە: "لە سەرەتای وەرزی بەھارەوە دەست بە چاندنی درەخت و نەمام کراوە و جگە لە بەرھەمی پارک و باخچەکان لەلایەن پارێزگاری ھەولێریشەوە ژمارەیەکی بەرچاو درەخت دابین کراوە."
قائید میرۆ




