مازن محەمەد: عەلوەیەكی سەردەمیانە لە ئاكرێ دروست دەكرێت

ئاكرێ-KDP.info- بە ھۆی گرینگیی دەڤەری ئاكرێ و ھەبوونی بەرھەمێكی نایاب، بڕیارە عەلوەیەكی نوێ لە قەزای ئاكرێ دروست بكرێت، قایمقامی قەزاكەش دەڵێ، عەلوەی ئێستا وەك پێویست ناتوانێت بەرھەمی جووتیاران وەربگرێت.
مازن محەمەد، قایمقامی ئاكرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "عەلوەی ئێستای ئاكرێ دەكەوێتە گوندی باشقالی نزیك سەنتەری شارۆچكەی ئاكرێ، بەڵام ساڵانێك دروست كراوە، كە بۆ ئێستا ناتوانێت پێداویستیی جووتیاران دابین بكات و بە ھۆی ئەوەی دەڤەری ئاكرێ لە ڕووی كشتوكاڵییەوە تایبەتمەندی خۆی ھەیە، پێویستە عەلوەیەكیش دروست بكرێت بتوانێت خواستی جووتیاران بەدی بێنێ".
قایمقامی ئاكرێ گوتیشی: "بڕیارە عەلوەی ئێستای ئاكرێ بگوازرێتەوە بۆ رێگای ئاكرێ - رۆڤیا، پڕۆژەكە بۆ بەڵێندەرێك دەرچووە و بڕیارە دوای بڕینی رێكاری كارگێڕی، دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت".
محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "عەلوەی نوێ دەكەوێتە سەر رێگایەكی ستراتیژی و جووتیارانی قەزاكانی دیكەی ھاوسنووریش دەتوانن سوودی لێ وەربگرن، ھەروەھا زۆر مەرجی تێدایە و تا رادەیەكی زۆر بە شێوەی سەردەمیانە دروست دەكرێت و سوودی زۆری بۆ ناوچەكە و جووتیاران دەبێت".
قائید میرۆ




