"ڕێگای زاخۆ.ئیبراھم خەلیل نۆژەن دەکرێتەوە"

ھەولێر -KDP.info- بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار ڕێگای سەرەکیی زاخۆ-کۆمەڵگەی ئیبراھیم خەلیل نۆژەن دەکرێتەوە و بەرپرسێکی شارەوانییەکانی دھۆکیش دەڵێت، حکوومەت پارەی پێویستی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە تەرخان کردووە.
ئەمیر ئەترۆشی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانییەکانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ڕێگاوباندا ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگای سەرەکیی ئیبراھیم خەلیل- زاخۆ بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار و ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغی تەندەرە و دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانییەکانی دھۆک گوتی: "ھەر لە ئیبراھیم خەلیل ڕێگای کۆمەڵگەی ئیبراھیم خەلیل بەرەو پێشابوور نۆژەن دەکرێتەوە و پڕۆژەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
ئەمیر ئەترۆشی جەختی کردەوە: "نۆژەنکردنەوەی ڕێگای ئیبراھیم خەلیل سوودێکی ئێکجار زۆری ھەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە و جووڵەی بازرگانی، چونکە ڕێگایەکی نێودەوڵەتییە و ڕۆژانە قەڵەباڵغییەکی زۆری لەسەرە، لەبەر ئەوەش حکوومەت بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دەرکردووە و پارەی پێویستیش بۆ پڕۆژەکە خەرج کراوە."
قائید میرۆ




