ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان گفتووگۆ لەبارەی بوجەوە دەکات

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، حکوومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی بۆ سێ مانگ رەوانەی پەرلەمان کردووە و، پشکی کوردیشی تێدایە، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو گفتووگۆی لەسەر بکەین و بخرێتە بەرنامەی کار بۆ پەسەندکردن لە پڕۆژە یاسای ساڵی داھاتوو پشکی ھەرێم بە تەواوەتی دیاری دەکرێت.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی بۆ سێ مانگ بە پشکی ھەرێمی کوردستانیشەوە رەوانەی پەرلەمانی کردووە و، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو گفتووگۆی لەسەر بکەین و دواتر بخرێتە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "جگە لەوە گفتووگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵ ٢٠٢١رێککەوتنی لەسەر بکرێت و تێیدا جێگیر بکرێت".
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە تا بودجە پەسەند دەکرێت مانگانە ٣٢٠ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.
بڵند ئیبراھیم




