نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ كونسووڵ و نوێنه‌رانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه

ھەولێر-KDP. info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 16/9/2020 له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى باسێكى ده‌رباره‌ى دۆخى گشتیى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان و عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش، تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابوورى و دارایى و پرۆسه‌ى چاكسازى له هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد.
به‌ڕێزیان سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا دووپات كرده‌وه كه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا به سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا پشتگیری‌یان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردو‌وه و ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها یارمه‌تیى مرۆیی‌یان پێشكه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌ران له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردو‌وه، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆناش، هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا دووپات كرده‌وه كه له پرۆسه‌ى چاكسازیدا هاوكارى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له به‌رده‌وامیى پرۆسه‌كه كرده‌وه و هاوكارى و یارمه‌تیى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپاى له‌مباره‌یه‌وه به پێویست و گرنگ زانى.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمى، جه‌ختى له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه به شێوه‌یه‌ك ماف و شایسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌ر بكرێن و سیسته‌مى فیدراڵى وه‌ك له ده‌ستووردا هاتووه جێبه‌جێ بكرێت، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هاوبه‌شى و به‌شداریى پێكهاته‌كانى عێراقیشى له پرۆسه‌ى سیاسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات‌دا، به فاكته‌رى سه‌قامگیریى وڵات له قه‌ڵه‌م دا.
به‌ڕێزیان جه‌ختى له‌وه كردوه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه به فاكته‌رێكى سه‌قامگیرى له عێراق و ناوچه‌كه ده‌مێنێتـه‌وه و خوازیارى بره‌ودانه به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش، ڕوونیشى كرده‌وه كه په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران و كۆمارى توركیا باشن و قه‌باره‌یه‌كى گه‌وره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكیى ئابوورى له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه.
له به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كرد و جه‌ختى له پێویستیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به به‌رده‌وامیى پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و گرنگیى هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق به‌تایبه‌تى له سنوورى ناوچه‌كانى مادده‌ى (140) كرده‌وه.
به‌ڕێزان كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا چه‌ندین پرسیاریان ده‌رباره‌ى ته‌وه‌ركانى كۆبوونه‌وه‌كه، گفتوگۆى ستراتیژیى ئه‌مه‌ریكا ـ عێراق و سه‌ردان و دیداره‌كانى ئه‌م دواییه‌ى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له به‌غدا و ئه‌نقه‌ره و چه‌ند پرسێكى په‌یوه‌ست به دۆخى ناوچه‌كه‌وه ئاراسته‌ى به‌ڕێزیان كرد و خۆشحاڵییان به كاركردن و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها دووپاتیان كرده‌وه كه وڵاته‌كانیان به بایه‌خه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن.
له وه‌ڵامدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له سیاسه‌ت و تێڕوانینى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى سه‌قامگیرى و گفتوگۆ و هاوبه‌شى و پێكه‌وه كاركردن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و یارمه‌تیدانى ئاواره و په‌نابه‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاسووده‌یان بۆ شوێنه‌كانیان كرده‌وه.




