٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فارس عیسا: ئەمڕۆ شاندێکی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی تەواوکردنی وردەکاریی پێشتر لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق سەردانی بەغدا بکات و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە بەغدا دەڵێت، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەکات.

فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن، بەڵام شاندەکە تەکنیکییە و بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکانی پێشوو دەچن کە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا دانوستانیان لەسەر کراوە."

نوێنەری ھەرێم لە بەغدا گوتی: "بڕیارە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیار لەسەر ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقیش بدرێت بۆ پەرلەمان، ڕاستە پشکی ھەرێمی کوردستانیشی تێدا جێگیر کراوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ پەسەندکردن لای پەرلەمانە."

پەیوەست بە ڕێککەوتنی کۆتایی، فارس عیسا جەختی کردەوە: "زۆر شت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا یەکلایی کراوەتەوە، من خۆم لە بەغدام و گەشبینم ھیچ ئاستەنگێکی ئەوتۆ نەماوە و دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار