لە دانوستانەكانی نووسینەوەی دەستووردا، بایەخی زۆر بە مافەكانی كورد دراوە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە رایگەیاند، لە قۆناغی یەكەمی دانوستانەكانی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا، تەنھا باسی پرەنسیپەكان كراوە و گرنگیی تایبەتیش بە مافەكانی كورد دراوە.
ئیبراھیم برۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە قۆناغی یەكەمی دانوستانەكانی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریادا، كە لە جنێف بەڕێوە چوو، تەنھا باسی پرەنسیپەكان كراوە كە دەستووری نوێی سووریای لەسەر دەنووسرێتەوە، وەكو یەكگرتوویی خاكی سووریا و دەستوەرنەدان لە خاكی ئەو وڵاتە و پێدانی مافی ھەموو نەتەوەكان و رێزگرتن لە ھەموو گەلی سووریا، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو، بایەخی تایبەت بە مافی كورد درابوو و زۆریش جەختی لەسەر كرابووەوە، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر جێی بایەخ بوو".
برۆ گوتیشی: "بڕیارە ھەر لەمساڵدا سێ كۆبوونەوەی دیكەی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری سووریا ئەنجام بدرێن، ئێمەش جەخت لە بەدەستھێنانی مافەكانی كورد لە سووریا دەكەینەوە".
بڵند ئیبراھیم




