پارتی و یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان دەخەنەڕوو

سلێمانی-KDP.info- دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، كە تایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق.
خەسرۆ گۆران راگەیاند: "ماددەی 15ی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، لە بڕگەی 6 دا دەڵێ پارێزگاكان پێكدێن لە چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردن، بەڵام روون نەكراوەتەوە چەند و چۆن".
گوتیشی: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لایەنە كوردستانییەكان لەسەر ئەو یاسایە و یاساكانی دیكە یەكھەڵوێست بن".
ھەر لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا رزگار حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گوتی: "دەمانەوێت لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر باشترین بژاردە رێكبكەوین، وەك كورد لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان پێویستیمان بە كۆدەنگی ھەیە".
ئاماژەی بەوەشدا: "تائێستا باسمان لەوە نەكردووە یەك لیست بین، بەڵام دەمانەوێت لەسەر یاساكە یەكدەنگ بین".




