ئەنەکەسە و تەڤدەم، لەسەر رێککەوتنی ئیداری دانوستان دەکەن

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا دەڵێت، قۆناغێکی دانوستاندنی نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم هەنگاوی باشی بڕیوە، بەڵام هەندێک بە ''خاوی'' بەڕێوە دەچێت.
بەشار ئەمین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بڕیارە کەمتر لە هەفتەیەکی تر دانوستاندنەکان جارێکی تر دەست پێ بکەنەوە و ئەم جارەش لەسەر ڕێککەوتنی''ئیداری'' دەبێت، کەواتە لەسەر شێواز و میکانزمی ئیدارەی هاوبەش ڕێک دەکەون."
ئەمین ئاماژەی دا: "ئەنەکەسە و تەڤدەم لەسەر دانانی ''لێڤەگەڕ'' قۆناغێکی گەورەیان بڕیوە و هەندێک خاڵی بچووک ماون، ئەویش لێڤەگەڕێکی کوردیی هاوبەش دروست دەکرێت کە ٤٠% بۆ ئەنەکەسە و ٤٠% بۆ تەڤدەم دەبێت، هەرچەندە هەردووکیان لە سەر سەدا بیستەکەی تر ''ڕێک نەکەوتوون'' بەڵام ئەمە نابێتە بەربەست و لەسەر ئەوەش ڕێک دەکەوین."
ئەو گوتیشی: ''بڕیارە پرسی گەڕانەوەی لەشکری ڕۆژ بچێتە ''کۆتا'' قۆناغی دانوستاندن، چونکە پرسێکی هەستیارە، بەڵام هەنگاوەکانی تر بەردەوام دەبن."
لەسەر دەستپێشخەریی مەزڵووم کۆبانی و پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چاودێریی ئەمەریکا، گفتوگانی نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم دەستیان پێ کرد بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاری هاوبەش لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەردوولایان ڕێککەوتنی دهۆک لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانییان کردووەتە بنەما بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
کــاروان بــاعەدرى




