ئاسایش بۆ KDP: دۆخی كەركووك زۆر خراپە و ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت

كەركووك-KDP.info- بەپێی ئامارێكی ئاسایشی كەركووك، لە ماوەی یەك مانگدا لە كەركووك ٩٥حاڵەتی ئەمنی روویان داوە، بۆیە دۆخی كەركووك زۆر خراپە و عەرەب و توركمانیش داوای زیادكردنی ھێز دەكەن. ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكیش دەڵێ، بە ھۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی كەركووكەوە، حكوومەتی عێراق ئاگادار كراوەتەوە.
بە گوێرەی ئامارێكی راگەیاندنی ئاسایشی كەركووك، كە تایبەت دراوەتە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ماوەی تەنھا یەك مانگدا لە كەركووك بە ھۆی خراپیی دۆخی ئەمنییەوە ٩٥ حاڵەتی ئەمنیی جۆراوجۆر روویان داوە، كە كردەوەی كوشتن و رفاندن و دزی و تەقاندنەوەی ماڵ و ھێرشی داعش و كوشتنی سەرباز و حەشد و ھاووڵاتیی تێدایە، بۆ نموونە دوو كەس رفێدراون و پێنج تەقینەوە ھەبووە و دەستبەسەرداگرتنی ماددەی ھۆشبەر و دزییش ھەبووە، ئەمەش واتای خراپیی دۆخی ئەمنی دەگەیەنێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، عەرەب و توركمانیش داوا دەكەن ھێز لە ناوچەكە زیاد بكرێت بە ھۆی زۆربوونی كردەوەكان و خراپبوونی دۆخی ئەمنیی كەركووك، چونكە جگە لە دەرەوەی شار، تەقینەوەكان بۆ ناوشاریش گوازراونەتەوە و تەنھا لەم چەند رۆژەدا لەناو كەركووك شیعەكان كرانە ئامانج و لە بازگەی یەكی حوزەیران تەقینەوەی خۆكوژی ھەبووە و ئافرەتێك شەھید بووە.
لای خۆشیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دۆخی كەركووك بە ھۆی ئەو ھەموو كردەوەیە زۆر خراپە و، ئەو ھێزانەی لەوێشن نەك ناتوانن ناوچەكە بپارێزن، بگرە ستەمێكی زۆر لە خەڵكی كورد و عەرەبیش دەكەن و خەریكی وەرگرتنی رەشوە و هەڕەشەكردن و تەعەداكردنن لە خەڵك.
عەبدوڵڵا باسی لەوەش كرد: "بە ھۆی ئەو دۆخە خراپەوە، ئێمەش سەركردایەتیی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە و ئەوانیش لەگەڵ حكوومەتی عێراق كاری لەسەر دەكەن، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چارەسەر بكرێت، چونكە ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت و دۆخی كەركووك زۆر خراپە".
بڵند ئیبراھیم




