٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێگاوبانی ھەولێر: تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ شوێنی ڕێگاکانمان چاک کردوونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر گوتی، لەسەر بوودجەی خزمەتگوزاریی مانگانە لە ماوەی یەک مانگ و ١٥ ڕۆژدا توانیویانە لە سنووری ھەولێر زیاتر لە٤٠ شوێنی ڕێگاکان چاک بکەنەوە و پلانیشیان ھەیە لە قۆناغی دووەمدا بە بڕی ٢٢ ملیار دینار ٢٧ ڕێگا نۆژەن بکەنەوە، بەمەش کێشەی ڕێگاوبانی سنووری ھەولێر بە ڕێژەی ٨٠% چارەسەر دەبێت.

بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ھەولێر، دڵشاد محەمەدئەمین  سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشتر چەند بوودجەیەکمان ھەبوو بۆ چاککردنەوەی ڕێگاکان وەکو بوودجەی پلان و گەشەپێدانی پارێزگاکان و بوودجەی قەپانەکان، ئێستا ئەوانە نەماون بەھۆی کۆرۆنا و، بوودجەیەکمان ھەیە کە خزمەتگوزاریی مانگانەیە کە مانگ و نیوێکە وەری دەگرین و لەسەر ئەو بوودجەیە دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان کرد و ئەمەش بەپێی پلانێک کە بوودجەی تەشغیلیمان زۆر کەم کردووەتەوە و لە چاککردنەوەی ڕێگاکان خەرجی دەکەین، بۆیە ئێستا شوێنی جیاجیا قیرتاو دەکەینەوە کە بە پارەیەکی کەم نۆژەن دەکرێتەوە، بۆیە بەردەوام دەبین لە نۆژەنکردنەوە بەپێی بەرنامەیەک و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠شوێنمان نۆژەن کردووەتەوە، ئەمانە تەنھا ڕێگاکانی دەرەوەی ھەولێر و شارەکانن، وەکو ڕێگای ترانزێت لە کانیقرژاڵە تا گوێڕ بە سێ جار نۆژەن کراوەتەوە و ڕێگەی مەخموور بۆ قوشتەپە و ڕێگەی دارەشەکران و کەمەربەندی ھەریر و کانیشەو و شانەدەر و ڕێی شەقڵاوە و سبەی ڕێی بێخاڵ چاک دەکرێتەوە."

دلشاد محەمەد سلێمان گوتیشی: "پلانمان ھەیە لە قۆناغی دووەمدا بە بڕی ٢٢ ملیار دینار ٢٧ پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان بە شێوەیەکی زۆر باش جێبەجێ بکەین و چاوەرێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆکی حکوومەت بوودجەمان بۆ تەرخان بکات، ئەوکات ٨٠%ی ڕێگاکان کێشەیان نامینێت و چاک دەکرێنەوە، چونکە ئەوەی پێشتر کرا قۆناغی یەکەم بوو کە ڕێگاکان نۆژەن کرانەوە."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار