"کێشەی کەمئاویی ژمارەیەک گوندی قەزای خەبات چارەسەر دەکرێت"

ھەولێر-KDP,info- لە سنووری قەزای خەبات کێشەی کەمئاوی چارەسەر دەکرێت و قایمقامی خەباتیش دەڵێت، پارێزگاری ھەولێر بەڵێنی پێ داوین لە ئایندەیەکی نزیکدا پارەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی گوندەکانی بنبێرەک خەرج بکرێت.
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک گوندی سنووری قەزای خەبات کێشەی کەمئاوییان ھەیە و دوێنێ بۆ گەیاندنی داواکاریی خەڵکی دەڤەرەکە سەردانی پارێزگاری ھەولێرمان کرد و ژمارەیەک داواکاریی سنوری قەزای خەباتمان گەیاند بە پارێزگاری ھەولێر، ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنی پێ داین بەگوێرەی توانای حکوومەت کار بۆ جێبەجێکردنی بکات."
قایمقامی قەزای خەبات گوتی: "یەکێک لەو کێشانەی ھەمانە کێشەی کەمئاوییە لە سنووری گوندەکانی بنبێرەک، پارێزگاری پێی ڕاگەیاندین لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ خەرجکردنی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گوندەکانی بنبێرەک."
کوێستان ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "لە ھەوڵداین نووسینگەی بانکی دارەشەکران و باری شارستانی لە شارەدێی دارەشەکران بکرێتەوە، پلانمان ھەیە زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییانی سنووری قەزای خەبات بکەین."
قائید میرۆ




