٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی، پارەی جووتیارانی ھەرێم خەرج دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای گەیاندنی داواکاریی جووتیاران، کە پارەی سێ ساڵیان وەکو قەرز لای بەغدایە، سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە ئەو کێشەیە چارە بکات و پارەی جووتیارانی هەرێم خەرج بکات، بۆیە بەم زووانە پارەکە خەرج دەکرێت.

د. مەیادە نەجاڕ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕۆژی  ٢/٦ کە کاتی پشووی پەرلەمان بوو، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی کۆبووینەوە و، داوامان لێ کرد کێشەی قەرزی جووتیاران چارەسەر بکات، کە ھی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ نەدراوە و بە بڕیارێکی سیاسی راگیراوە، بۆیە کە نووسراوەکەمان لەو بارەیەوە ئاراستەی کرد، واژۆی لەسەر کرد و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، ئەوانیش لە ٣/٩ نووسراویان بۆ وەزارەتی بازرگانی کردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە خەرج بکەن".

نەجاڕ گوتیشی: "ھەر دوێنێ سەردانی وەزارەتی بازرگانیمان کرد و ئەوانیش بە پێویستە زووترین کات وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران بدەنەوە لەبارەی بڕی پارەی قەرزی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و بە زوویی پارەکە خەرج بکرێت، بۆیە بەم زووانە کە رێکارەکان تەواو بوون، دەست بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت.

جوتیارانی ھەرێمی کوردستان پارەی سێ ساڵیان کە نزیکەی557ملیار دینارە لای حکومەتی عێراقە وچەندین ساڵە بەھۆکای سیاسی خەرجیان نەکردووە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار