مەسعوود نووری: رێگای ھەولێر- گوێڕ دەكرێتە دووساید

گوێڕ-KDP.info- پڕۆژەی بەدووسایدكردنی رێگای سەرەكیی ھەولێر- گوێڕ كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕیش دەڵێ، پڕۆژەكە بۆ ھەولێر و گوێڕ گرینگە، لەبەر ئەوەی ناوچەیەكی فراوانی كشتوكاڵی و پیشەسازیی لەسەرە.
مەسعوود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێگای سەرەكیی نێوان ھەولێر- گوێڕ، رێگایەكی سەرەكییە، بەڵام یەكسایدە و قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەرە، چونكە گوێڕ ناوچەیەكی گرینگە لە ڕووی پیشەسازی و كشتوكاڵەوە، ئەمەش وای كردووە زۆرترین ھاتوچۆی لەسەر بێت، ئێمە ھەوڵمان دا بكرێتە دووساید و پڕۆژەی دروستكردنی سایدی دووەمیش كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ دەشڵێت: "پڕۆژەی بەدووسایدكردنی رێگای سەرەكیی ھەولێر- گوێڕ، درێژییەكەی ٣٥ كیلۆمەترە و بە گوژمەی ٢٠ ملیار دیناری عێراقی جێبەجێ دەكرێت".
نووری، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ماوەی پڕۆژەكە یەك ساڵ و حەوت مانگە و دوای تەواوبوونی كاریگەری لەسەر بزاوتی بازرگانی و ھاتوچۆ دەبێت لە نێوان گوێڕ و ھەولێر، چونكە جگە لەوەی دەیان گوند دەكەونە سەر رێگاكە، بە ھۆی گرینگیی دەڤەرەكە، ژمارەیەكی زۆر بارھەڵگر رۆژانە ھاتوچۆ دەكەن و زۆر جاریش بووەتە ھۆی دروستبوونی رووداوی ھاتوچۆ".
قائید میرۆ




