"حکوومەت بڕیار لەسەر ھەزاران پارچەزەویی قەرەبووی جووتیاران دەدات"

ھەولێر-KDP.info- چەند ساڵێکە کێشەی قەرەبووی ٣%ی جووتیاران لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە ھەڵوسراوی ماوەتەوە و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێت، کێشەکە چارەسەر دەکرێت و حکوومەت لە بەرژەوەندیی خاوەنی زەوییەکان بڕیار دەدات.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر ئەو جووتیارانەی گرێبەستی زەوییەکانیان بە ناوی خۆیانەوە نییە بە ٣%ی قەرەبوو کرابوونەوە و پارچەزەوییان پێ درابوو، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاگیرابوو، ئێستا بڕیارێک دەرچووە بۆ ئەوەی بڕیاری پێشتر ھەڵبوەشێتەوە و ئێمە لەگەڵ کشتوکاڵ کێشەکە چارەسەر بکەین."
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر دەڵێت: "لیژنەیەک پێک ھاتووە لە نێوان سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کشتوکاڵی ھەولێر بۆ چارەسەرکردنی قەرەبووی ٣%ی جووتیاران."
لەبارەی ژمارەی ئەو زەوییانەی کێشەی قەرەبووی ٣%یان ھەیە، عەبدولواحید ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "بە ژمارە ھێشتا دیار نییە، بەڵام تا ئێستا ٦٠ ھەزار پارچەزەوی نەکراونەتە سەنەد و زۆربەی زۆری کێشەی قەرەبووی ٣%ی ھەیە، بە چارەسەرکردنیشی کێشەی ھەزاران زەویی قەرەبوو چارەسەر دەکرێت و خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبن."
قائید میرۆ




