بە گوژمەی یەک ملیار دینار ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران نۆژەن دەکرێتەوە

چۆمان-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر راگەیاند، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی ڕێگای سەرەكیی حاجی ئۆمەران - قەزای چۆمان دەکرێت، کە ڕێگایەکی ستراتیژی و نێودەوڵەتییە و ملیارێک دیناری تێدا خەرج دەکرێت.
مەسعوود كاڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە ڕێگای ھامڵتۆن نۆژەن نەکراوەتەوە، لە کاتێکدا کە رۆژانە بە سەدان ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر و ئۆتۆمبێلی گەشتیاری ھاتوچۆی پێدا دەکەن، کە ڕێگاکە ڕاستەوخۆ پارێزگای ھەولێر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبەستێتەوە، بۆیە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی ڕێگای حاجی ئۆمەران - چۆمان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەم زووانە پرۆژەکە دەست پێدەکات".
کاڕەش گوتیشی: "پڕۆژەکە بە گوژمەی یەک ملیار دینار کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە شێوازێکی سەردەمیانە نۆژەن دەکرێتەوە، کە ڕێگاکە بە دوو قۆناغ کاری تێدا دەکرێت، بەشێکی قیڕتاوکردن و بەشێکی تریشی نۆژەنکردنەوەیە".
سیروان سابیر




