٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەسەن ئەحمەد مستەفا: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا مانۆڕی نەیارانی کوردستانی تەسک کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بە گرینگ وەسف دەکرێت و شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش پێی وایە، سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا ھیچ پەیوەندییەکی بە سەردانی ماکرۆنەوە بۆ عێراق نەبووە.

حەسەن ئەحمەد مستەفا، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆسیاسییەوە پێگەیەکی گرینگی لە ناوچەکەدا ھەیە و بەشێک لە گرینگیی جوگرافیای عێراق بۆ گەیشتن بە تورکیا و ئۆراسیا و زۆر ناوچەی دیکە دەبێت بە ھەرێمی کوردستاندا دەرباز ببێت. خاڵی دووەم، ھەرێمی کوردستان ماوەی چارێگە سەدەیەکە توانای خۆبەڕێوەبردنی ھەیە و بووەتە ھۆی ئارامی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، تەنانەت ناوەندە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە ھەرێمی کوردستان سەنتەرێکی گرینگی جیۆسیاسییە ھەتا پێکدادانی نێوان ئێران و تورکیا کەم بکاتەوە."

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "حکوومەتی عێراق ناتوانێت بەبێ ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ھەیە، لە لایەکی دیکەوە، جگە لە بابەتی نێونەتەوەیی، بابەتێکی دیکەمان ھەیە، ئەویش ھەرێمایەتییە، ھەرێمەکانی ناو دەریای ئارام و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و نیمچەدوورگەی ھیند دەبێت ھەماھەنگ بن، ناوچەکەی ئێمەش وەک ھەرێمی کوردستان و ئێران و تورکیا و عەرەب، ھەموان کۆک بین."

حەسەن ئەحمەد مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "نێچیرڤان بارزانی کارەکتەرێکی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییە، بە سیاسەتی نەرمی خۆی توانای مانۆڕی هەیە و کورد بەھێز دەکات و بەپێچەوانەوە توانای مانۆڕی ناحەزانی کوردستان بەرتەسک دەکاتەوە، سەردانەکەی بۆ تورکیا ماوەیەکە بەرنامەڕێژیی بۆ کراوە، لەوانەیە سەردانی دەوڵەتانی دیکەی ھەرێمیش بکات، چونکە پێویستە و ڕەوشەکە جیاوازە، لەبەر ئەوەش، سەردانی نێچیرڤان بارزانی گرینگترە بۆ قۆناغی ئێستا."

لەبارەی پەیوەندیی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و دیداری پێشتر لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، ئەحمەد حەسەن مستەفا دەڵێت: " سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا پەیوەندیی بە دیداری بەڕێز  سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک ماکرۆنەوە نییە، ھیچ کاتێکیش فەرەنسییەکان ئەو مەرجەیان نەبووە بڵێن ئەگەر لەگەڵ ئێمە دانیشتن نابێت لەگەل تورکیا کۆ ببنەوە، دەوڵەتی فەڕەنسا ڕەھەندێکی مێژووییی ھەیە لەو ئاستە نییە بڵێ من بتبینم نابێت ئەردۆغان ببینیت، بەڵام میدیای جاش پڕۆپاگەندەی پێچەوانە دەکەن."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار