پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی ڕێگا و پردی تووه‌قوت ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنەوە

هەڵەبجە-KDP.info- مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگه‌یاندووه، پڕۆژه‌ی پردی تووه‌قوت و ناوچه‌ی پیشه‌سازیی قورس له هه‌ڵه‌بجه ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنەوە و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه.
كاوه عه‌لی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی هه‌شت ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلاری بۆ دروستكردنی پردی تووه‌قوت و قیرتاوكردنی ڕێگاكه‌ی ته‌رخان كردووه".
كاوه عه‌لی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: "سه‌رۆكوه‌زیران، مه‌سروور بارزانی پێی ڕاگه‌یاندین، ئاماده‌كاری بۆ ئه‌وه كراوه پڕۆژه‌ی پردی تووه‌قوت و قیركردنی ڕێگاكه ته‌نده‌رینی بۆ بكرێت".
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه زیاتر گوتی: "لە کاتی خۆپێشاندانه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو سه‌رۆكوه‌زیران بە ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه قسەی کرد و ڕایگه‌یاند، پڕۆژه‌ی پردی تووه‌قوت ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنەوە، پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی كه پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنانه ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنەوە و دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و شاره‌وانی كێشه‌ی زه‌وییه‌كه یه‌كلایی دەکەنەوە، ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانان بێن و زه‌وییه‌كه وه‌ربگرن و ناوچه‌ی پیشه‌سازیی قورس دروست بكه‌ن".
''گرنگیی پڕۆژه‌ی پردی تووه‌قوت و قیرتاوكردنی ڕێگاكه‌ی بۆ هه‌ڵه‌بجه زۆره؛ ده‌روازه‌یه‌كی نوێیه کە هه‌ڵه‌بجه ده‌به‌ستێته‌وه به سلێمانی و گه‌رمیان تاکو ناوه‌ڕاستی عێراقەوە، گرنگیی تایبه‌تیشی بۆ ڕێگای بازرگانی هه‌یه، به‌تایبه‌ت بڕیاره مه‌رزی سازان بكرێته‌وه و ببێته ده‌روازیه‌كی نوێ له نێوان هه‌ڵه‌بجه و كرماشان‌دا. هەروەها گرنگیی تایبه‌تی بۆ جووتیاران هه‌یه کە به ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌گه‌یه‌ننه هه‌ڵه‌بجه و سلێمانی و گه‌رمیان.'' كاوه عه‌لی وای گوت".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش كرد، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی پردی تووه‌قوتی تێدا دروست ده‌كرێت ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیارییه سوودێكی گه‌وره‌ی گه‌شتیاریش به ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.
عه‌زیز ڕه‌سووڵ




