پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە دوای ڕێککەوتنی سیاسی دیاری دەکرێت

بەغدا -KDP.info- ئەندامی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی داھاتوو گوتی، سبەی جارێکی دیکە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی سیاسی لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و دواتر کارە تەکنیکییەکان ئێمە ئەنجامی دەدەین و تا ئێستاش لە ئامادەکردنی بودجە ھەنگاوی باشمان ناوە و تا چەند ھەفتەی داھاتووش کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
زاگرۆس فەتاح، ئەندامی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی داھاتوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆبوونەوەکان لەبارەی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و ھەنگاوی باش نراوە لە ئامادەکردنی بودجە و ڕەنگە چەند ھەفتەیەکی دیکە بخایەنێت، بەڵام ھێشتا ماوە بکرێت."
زاگرۆس فەتاح گوتیشی: "بڕیارە ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان ھەردوو حکوومەت لەبارەی پشکی کوردەوە بکرێت دواتر دێینە سەر بەشە تەکنیکییەکەی، بۆیە ھێشتا باسی پشکی کورد نەکراوە، کە باس لەوە دەکرێت زیاد کراوە."
گوتیشی، بڕیارە سبەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکەنەوە.
بڵند ئیبراھیم




