٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خوێندنی باڵا: زۆرترین دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی وەردەگیرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە ھۆی دەرچوونی ژمارەیەكی زۆری قوتابی لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەیەوێ كورسیی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان زیاد بكرێن، بەرپرسێكی وەزارەتەكەش دەڵێ، ھێشتا بڕیار لەسەر ھیچ ژمارەیەك نەدراوە، بەڵام زیادیش دەكرێن.

سەرتیپ خاڵس، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆرتر قوتابی بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی كردووە، لەبەر ئەوەش ژمارەی دەرچووانی ئامادەیی زیادی كردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانی ھەیە بۆ ئەوەی كورسیی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان زیاد بكرێن لە پێناو وەرگرتنی زۆرترین قوتابی".

بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا گوتیشی: "ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری لەبارەی زیادكردنی كورسیی خوێندنەوە داوە و چەند پێشنیازێك كراون، بەڵام ھێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە چەند كورسی زیاد دەكرێن و چەند قوتابی وەردەگیرێن".

سەرتیپ روونیشی كردەوە: "ھەموو ھەوڵێكی وەزارەت بۆ ئەوەیە، زۆرترین قوتابیی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێن، چونكە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو جگە لە زۆریی ژمارەی قوتابیان، نمرەی زۆریشی تێدایە و پێویستی بە جێگە ھەیە بۆ وەرگرتن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار