پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان: کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ماکرۆن بەرھەمدار دەبێت

هەولێر-KDP. info- دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە بەغدا دوو جار لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانۆیل ماکرۆن کۆ بووەوە و پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکانیش دەڵێت، فەڕەنسا پڕۆژەی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پێیە و کوردیش بەشدار و سوودمەند دەبێت لە سیاسەتی نوێی ناوچەکە.
د. سەباح سوبحی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆکی فەڕەنسا بەبێ بەرنامە و پلان سەردانی عێراقی نەکردووە، واتە بەرنامەی ھەیە و ترامپیش دەرفەتی بە ئەورووپا داوە پڕۆژەکەی لە عێراق جێبەجێ بکات، لەبەر ئەوەش، سەردان و کۆبوونەوەکانی ماکرۆن لەگەڵ عێراقییەکان و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گرینگە."
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان دەشڵێت: "لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەردوو جێگرەکەیشی یاوەرییان دەکرد، ئەوەش پێشاندانی یەکگرتووییی ھەرێمی کوردستانە بەرامبەر بە عێراق و فەڕەنسییەکان، ماکرۆن زۆر جەختی لەسەر سەرەوەریی عێراق دەکردەوە، نوێبوونەوەی پڕۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین بێگومان بەبێ ڕۆڵ و پێگەی کورد و ھەرێمی کوردستان سەر ناگرێت."
پەیوەست بە بەرھەمی کۆبوونەوەکە، د. سەباح سوبحی ڕوونی کردەوە: "فەڕەنسا ھەمیشە بەرھەمی دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە نابێت ڕۆڵ و سیاسەتی فەڕەنسا لە ڕابردوودا بە نادیدە بگرین، باشترین نموونەش دیاریکردنی ناوچەی دژەفڕین لە دوای ڕاپەڕین بە پێشنیاری فەڕەنسا بوو، ھەروەھا لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش فەڕەنسا یەکەم وڵات بوو ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانی کرد، ئەوە ھەموو ئەو ڕاستییە دەردەخەن، ھەر بەرنامە و پڕۆژەیەک فەڕەنسای تێدا بێت ئەوە ھەرێمی کوردستان لێ سوودمەندە."
قائید میرۆ




