"ھەرێمی کوردستان و ئێران کار لەسەر دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان دەکەن"

هەولێر -KDP.info- ساڵانی ڕابردوو بە چەند قۆناغێک ئاڵوگۆڕی زیندانییان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران بەڕێوە چووە و بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، پڕۆسەکە وەستاوە و ئێران داوای دەستپێکردنەوەی کردووە.
زەکیا سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شاندێکی کۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی کرد و یەکێک لە داواکارییەکانیان دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان بوو لە نێوان ھەردوو وڵاتی ئیران و ھەرێمی کوردستان، کە پڕۆسەکە ڕاگیراوە و ئێمەش وەک وەزارەت بەڵێنی ئەوەمان دا بەپێی ڕێکارە یاساییەکان ئاڵوگۆڕی زیندانییان بکرێت."
بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "لەبارەی پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییان لە نێوان عێراق و ئێران پێشتر لە نێوان تاران و بەغدا ڕێککەوتن کراوە."
زەکیە سەید ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشتر پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییان ھەبووە لە نێوان ھەرێم و ئێران، ژمارەیەک زیندانی ئاڵوگۆڕ کراون و، ئەو کارەش بەپێی یاسا بەڕێوە دەبرێت."
قائید میرۆ




