وەزیر بۆ KDP: رێژەی مردن زیاد بووە.. رێكاری نوێ دەگرینە بەر

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێم رایگەیاند، بەداخەوە حاڵەتەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان لە زیادبووندان و رێژەی مردنیش زیاد بووە. جەختیشی كردەوە: "چەند رێكارێكمان گرتووەتە بەر بۆ رێگریكردن لە نەخۆشیی كۆرۆنا، ئەوانیش ھۆشیاركردنەوەی خەڵك و زیادكردنی تێست و چارەسەری و چاودێریی چڕن".
دكتۆر سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئێستادا لە ھەموو كوردستان حاڵەتەكانی نەخۆشیی كۆرۆنا لە زیادبووندان و لە ھەموو پارێزگاكان وەكو یەكە و حاڵەتەكان تا دێت زیاد دەبن، ئێمەش ھەفتانە ھەڵسەنگاندنی خۆمان دەكەین، بەڵام حاڵەتی مردنیش زۆرە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان ئاگایان لە خۆیان بێت و پابەندی رێنماییەكان بن، كە لە ھەموو رێنماییەكیش گرنگتر ئەوەیە، كاتێك تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، پێویستە پەیوەندی بە دامودەزگا تەندروستییەكانەوە بكەن و ناكرێت كاتێك كار لە كار ترازا، ئەوكات بێنە نەخۆشخانە و بخرێنە ژێر چاودێریی چڕەوە".
بەرزنجی گوتیشی، ئەو جۆرە خەمساردی و پەنانەبردنە بەر نەخۆشخانە لە سەرەتای تووشبوون بە كۆرۆنا، دەبنە ھۆی ئەوەی رێژەی مردن لەناو تووشبووان زۆر بێت.
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "سەرقاڵی ھەڵمەتێكی ھۆشیاریین بۆ رووبەڕوووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا و تێستەكان و چارەسەری و چاودێریی چڕیش زیاد دەكەین، بۆیە ھەموو ھەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین كۆنتڕۆڵی نەخۆشیی كۆرۆنا بكەین و هەروەها ڕێ لە زیاتر تەشەنەكردنی بگرین".
بڵند ئیبراھیم




