٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان: ئەمەریکا دەیەوێ ھەرێمی کوردستان زیندوو و ئابوورییەکی بەھێزی ھەبێت

سەرچاوە: KDP.info

سلیمانی-KDP.info- نوێنه‌ری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له ‌واشنتۆن ده‌ڵێت، سیاسه‌تی ئەمەریکا به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان بوونی هەرێمێکی کوردستانی زیندوو و بەهێزه‌ و ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە درێژەدان بە دانوستان و پابەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بە دەستوور و گەیشتن بە ئەنجامێک.

به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتۆن، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پاتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بەڕێز مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە وتاری دەستپێکی دایەلۆگی ستراتیجیدا ئاماژەی بە بابەتی بودجە کرد و گوتی پێویستە ڕێککەوتن هەبێت لەسەر بودجە لە نێوان هەولێر و بەغداد، هەروەها لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق جەنابی دکتۆر فوئاد حسێن، باسی کرد. واتە، دوو جاران وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە بودجەی هەرێمی کوردستان کرد. لە دووتوێی کۆبوونەوەکانی دایەلۆگی ستراتیجیدا ئەو بابەتانەی باس کرا جەختیان دەخستە سەر هەندێک بواری پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و عێراق، وەک ئابووری، ئاسایش، وزە. ئینجا ئەگەر تۆ باسی ئاسایش بکەیت، ئەوا پێشمەرگە ڕۆڵی هەیە لە شەڕی دژی داعش و بەم شێوەیەش ئاساییە کە لە هەندێک بابەتدا ناوی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام لە دایەلۆگەکەدا بابەتێک نەبووە بەتایبەت بە ناوی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراق. پێشتریش ئەمەریکا باسی ئەوەی کردووە کە ئەوان هەرێمێکی کوردستانی زیندوو و بەهێزی ئابوورییان دەوێت و ئەمە سیاسەتی ئەوانە."

به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان، گوتیشی: "ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە درێژەدان بە دانوستان و پابەندیی هەردوولا بە دەستوور و گەیشتن بە ئەنجامێک. وەک دەزانن جەنابی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی چەند شاندێکی کردووە بۆ بەغداد بۆ تاوتووی بابەتی ئابووری و نەوت و هتد، بەڵام ئایا ئەمەریکا نەخشەڕێگەیەک دادەڕێژێت بۆ ئەو بابەتە؟ نەخێر، پێم وا نییە، بەڵام ئەوە لەسەر ئێمەیە کە نەخشەڕێگەیەک دابڕێژین تا ئەمەریکا هانی هەردوو لایەن بدات بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک و ئینجا پابەندی پێوەی."

له‌باره‌ی ڕۆڵی ئەمەریکا بۆ كۆتاییهێنان به‌ بۆردوومانی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێی عێراقه‌وه‌، نوێنه‌ری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئەمەریکا، گوتی: "ئەمەریکا بە ئاشکرا و هەروەها لە دووتوێی دایەلۆگی ستراتیجیدا ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە عێراقێکی خاوەنی سەروەری و سەربەخۆی دەوێت. ئەمە نوێ نییە کە ئەمەریکا نیگەرانیی خۆی لەسەر بابەتی لەم جۆرە نیشان بدات. ئەمەریکا دەڵێت ئاساییە عێراق کە پەیوەندیی دۆستانەی ئاسایی هەبێت لەگەڵ دراوسێکانی. ئەمەریکا هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداو چاکتر بکات. ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێت هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەندیی دۆستانە و ئابووریی بەهێزمان لەگەڵ گشت دراوسێکان هەبێت. ڕەنگە بابەتەکە ئاڵۆزتر بێت، بەڵام بێگومان ئەمەریکا هەمیشە ئەوەی گوتووە کە دەیەوێت هەموو دراوسێکانی عێراق ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرن."

له‌باره‌ی گرنگیی به‌شداریی شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمەریکا و عێراق، به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: "ئەمە یەکەمین جارە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بێت لە دایەلۆگ، یان تاوتوێی لەم جۆرە. چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیجی لە 2008 واژۆ کرا لە نێوان عێراق و ئەمەریکا و لەو کاتەوە چەند کۆبوونەوەیەک کراوە لە نێوان ئەمەریکا و عێراقدا، بەڵام هێندەی من ئاگادار بم حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێیاندا بەشدار نەبووە، بۆیە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە شاندی عێراق بەشدار بوو. وەزیری دەرەوەی عێراق سەرۆکایەتیی شا‌ندەکەی عێراقی دەکرد. ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو. ئەوە سوودی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە پەیوەندییەکی ئەرێنی و بەرهەمهێنی هەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان."

له ‌كۆتاییی لێدوانه‌كه‌یدا، نوێنه‌ری حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئەمەریکا، گوتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی و وەزیرەکانی کرد، لە دەرەنجام نۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن واژۆ کران لە نێوان شاندەکەی عێراق و لایەنی ئەمەریکی وەک دەستگا و کۆمپانیا. هەروەها ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ٢٠٤ ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی و کۆمەکی عێراق دەکات و ١٠ ملیۆن دۆلاریشی تەرخان کرد بۆ یونامی بەتایبەت بۆ بواری هەڵبژاردن. ئەم پێشوازییە گەرمە و واژۆکردنی یاداشتنامە و ڕێککەوتنەکان و کۆمەکی پارە و تەرخانکردنی پارەی هەڵبژاردن، ئەمانە هەمووی پیشاندەری پشتگیریی ئەمەریکان لە سەرکەوتنی عێراق. ئەمە دەرفەتێکە بۆ هەمووان لە عێراق و کوردستان. هیوادارین کە هەموو ئەم بەشدارییە مژدەبەخشانە جێبەجێ بکرێن. ئێستا خاڵی گرنگ بریتییە لە بەدواداچوونی ئەو بەشدارییە و ئەوەی کە چۆن جێبەجێ بکرێن."

زریان کەمال

 

هەواڵی پەیوەندیدار