جووڵەی بازرگانی لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠% زیادی کردووە

دھۆک- KDP.info - دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زیاتری لە ماوەی ڕابردوو ڕاگەیاند و چەندین ڕێنماییی نوێی بۆ کردنەوەی شوێنەکان ڕاگەیاند، لە سنوورێ پارێزگای دھۆک جموجۆڵی بازرگانی بەراورد بە ڕابروو بە ڕێژەی ٢٠% زیادی کرد و بە گرتنەبەری ڕێکاری تەندروستی ئاسانکاری بۆ ھەموو بارھەڵگرەکان دەکرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای دھۆک، ئەیاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێم ڕێکار و ڕێنماییی نوێی ڕاگەیاند، جموجۆڵی بازرگانی ڕاستە نەوەستابوو، بەڵام ئێستا باشتر بووە و بەھۆی ئەوەی ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ھەرێم و پارێزگاکانی عێراقیش کراونەتەوە جووڵەی بازرگانی لە ھەموو سێکتەرەکانی وەکو خۆراک و پیشەسازی بە ڕێژەی ٢٠% زیادی کردووە و ھەر کاڵایەکی پێویست بێت ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت."
ئەیاد حەسەن گوتیشی: "ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بکرێت و ئێستا وا خەریکە مووچەش دەبێتەوە مانگانە، ئەوکات دۆخی بازرگانی و جموجۆڵی بازرگانی زۆر لە ئێستا باشتر دەبێت و جووڵە دەکەوێتەوە بازاریشەوە و حکوومەتیش پڕۆژە جێبەجێ دەکات و بەڵێندەران پڕۆژە جێبەجێ دەکەن، بۆیە دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت."
گوتەبێژی خاڵی سنووریی ئیبراھیم خەلیل، کامی کامل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جموجۆڵی بازرگانی بەردەوامە و بەپێی ڕێنماییی تەندروستی ھەموو بارھەڵگرەکان تەعقیم دەکرێن و پشکنین بۆ ھەموو شوفێرانیش دەکرێت، بەڵام پشکنینی ھاووڵاتی کە بە ٦٠ ھەزار دینارە، وەکو ئاسانکاری بۆ شوفێر کراوەتە ٣٠ ھەزار دینار."
کامی کامل گوتیشی: ھەموو جۆرە کەلوپەلێک لە ھەموو سێکتەرەکان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، ئەوەی یاسایی بێت و حکوومەتی ھەرێم ڕێگەی پێدا بێت ڕێگە بە ھاوردەکردنی دەدرێت، بۆیە جموجۆڵی بازرگانی بەردەوامە."
بڵند ئیبراھیم




