دۆڵەمەڕی بۆ KDP: باس لە سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا دەکات

فەڕەنسا-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆكی فەڕەنسا (ئیمانوئێل ماكرۆن) دەگاتەبەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمیش لە فەڕەنسا دەڵێ، فەڕەنسا دەیەوێت ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆڵەمەڕی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، مەبەست لە سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە لەگەڵ عێراق و ھەرێمی كوردستان و بەرەوپێشبردنی ھەموو بوارەكان، بە تایبەت بواری ئابووری و كولتووری و رۆشنبیری.
دۆڵەمەڕی گوتیشی، جگە لەوەش، فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بۆ تێكشكاندنی داعش بە شێوەیەكی یەكجارەكی و كۆتاییھێنان بە تیرۆریستان.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا باسی لەوەش كرد، فەڕەنسا دەیەوێت عێراق كێشەكانی خۆی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور چارەسەر بكات.
بڵند ئیبراھیم




