شارەوانیی ھەولێر: دوای وردبینی دەست بە تاپۆکردنەوەی زەوییە کارتەکان دەکرێت

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر گوتی، تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان دەست پێ دەکاتەوە و بڕیارە دوای وردبینی لە کارتی زەوییەکان شەش ھەزار زەویی کارتیی دیکە تاپۆ بکرێن.
سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ئەو زەوییانەی کارتن تاپۆ بکرێن، لە ماوەی ڕابردوو کۆمەڵێک زەویی کارت تاپۆ کران و ئیستا وردبینی لە شەش ھەزار زەویی کارتی دیکە دەکرێت و دوای تەواوبوونی وردبینییەکەیان لەلایەن تاپۆی دووی ھەولێرەوە ئەو شەش ھەزار زەوییە کارتانەش تاپۆ دەکرێن."
سیامەند کەریم گوتیشی: "تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان بەردەوام دەبێت تا سەرجەم ئەو زەوییانەی کارتن تاپۆ دەکرێن، چونکە حکوومەت بڕیاری تاپۆکردنی داوە."
لە ماوەی ڕابردوو لە پارێزگای ھەولێر ١٦ ھەزار زەویی کارتیی دیکەی ھاووڵاتییان تاپۆ کراون.
بڵند ئیبراھیم




