سبەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی چوارشەممە، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان بدرێت، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵاش دەڵێ، ئەو وانانەی پێویست نین، دەكرێنە ئۆنڵاین.
سەرتیپ خاڵس، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ دەوامی فەرمیی ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەستی پێكردووە و دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتیش، چەند پێشنیازێك دراونەتە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چۆنیەتیی دەستپێكردنی وانەكان لە ھەموو زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە حكوومەت و ئەھلی.
بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا دەشڵێت، سبەی چوارشەممە، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و پێشنیازەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا یەكێك دەبن لە تەوەری كۆبوونەوەكە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.
ناوبراو هەروەها جەختی كردەوە، وەزارەت پێشنیازی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی كردووە، لە نێوان ٢٠ی ئەیلوول بۆ ١٠ی مانگی داھاتوو، زانكۆكان سەرپشك بكرێن لە دەستپێكردنی دەوام، ھەروەھا پێشنیازێكی دیكەش ئەوەیە، ئەو وانانەی پێویستن لەنێو ھۆڵی زانكۆ بخوێندرێن و ئەوانەیشی پێویست نین، دەكرێ بە ئۆنڵاین بیانخوێنن.
قائید میرۆ




