وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرھێنان بڕیارێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دەردەكەن

هەولێر-KDP.info- بەپێی رێككەوتنی نێوان دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی شارەوانی، ھەموو ئەو شار و یەكە نیشتەجێبوونانەی وەبەرھێنان خراونەتە سەر وەزارەتی شارەوانی، گوتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێ، بڕیارەكە لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندایە.
كوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە رێككەوتنی نێوان دەستەی گشتیی وەبەرھێنان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو شارانەی نیشتەجێبوون كە لەلایەن وەبەرھێنانەوە دروست كراون، لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە گەڕاونەتەوە سەر وەزارەتی شارەوانی و ئیدی وەزارەتی شارەوانی ئەركی گەیاندنی خزمەتگوزاری لەو شارانە جێبەجێ دەكات".
شابان روونیشی كردەوە: "بڕیاری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون لە كەرتی وەبەرھێنان، لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندایە، چونكە زیاتر چاودێرییان دەخرێتە سەر و لە ڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییشەوە رێك دەخرێنەوە".
قائید میرۆ




