٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"خەڵکی کوردستان گەورەترین قوربانیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێن"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی 30ی ئابی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیە بۆ ئیدانە و سەرکۆنەکردنی ئەو تاوانە کە بە یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت. لە دەیان وڵاتدا هاووڵاتییان ڕووبەڕووی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ بوونەتەوە بەهۆی جیاوازیی سیاسی، نەتەوەیی، نەژادی و هۆکاری دیکەوە. لە مێژووی هاوچەرخیشدا کوردستان یەکێک بووە لە قوربانییەکانی ئەم تاوانە بە چەندین شێوازی جیاجیا و لە پڕۆسە بەدناوەکەی ئەنفالیشدا گەیشتە لووتکە.

 

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ گوتی: كوردستان به‌ گشت پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین قوربانیی تاوانی بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بووە؛ بێسه‌روشوێنكردنی كورده‌ فه‌یلییه‌كان له‌ نێوان ساڵانی 1980-1990 و ئه‌نفالكردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی و 182000 كوردی بادینان و گه‌رمیان، هەروەها لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش به‌ هه‌زاران هاووڵاتیی كوردی ئێزدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بێسه‌روشوێن كران کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.

 

لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە، دیندار زێباری گوتی: حکوومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە وەک دوکیۆمێنتکردنی (٤٢٠٦) کەیسی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەکان، بەتایبەتی ئافرەتان لەوانە (١٧٧٨) کەیس کە کاریان تەواو بووە و ئامادە کراون بۆ ئەوەی پێشکەشی دادگا بکرێن کە (1191) دژی ئافرەتان بووە و (2428) کەیسی دیکە کاریان لەسەر دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە، لە ڕێگای لیژنەی ئازادکردنی بێسەروشوێنبووانی ئێزدی توانراوە تا ڕۆژی  1/7/2020 ژمارەیەکی زۆریان ئازاد بکرێن، بەم شیوەیە (3530) لەوانە (1199) ئافرەت و (339) پیاو و (1041) کچ و (951) کوڕ ڕزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (2887) کەسە، لەوانە (1308) ئافرەت و (1579) پیاو.

 

زێباری ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای هەیە لەو لیژنەیەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە پێک هێنراوە بۆ زانینی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە نێوان ساڵانی (1980) و (2003) بێسەروشوێن کراون لە سەرتاسەری عێراق کە پرۆسەکانی ئەنفالی بارزانییەکان و بادینان و هەڵەبجە دەگرێتەوە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی زانیارییەکان بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان.

 

زێباری ئاماژەی بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس کرد و گوتی: لە هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت دامەزراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی ڕژێمی سەددام لە نێوان ساڵانی (1961 تا 2003) بە پشتبەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم تاوانانە دەگرێتەوە؛ کوشتن، برینداربوون، ڕاگواستن، شوێنبزرکردن، جینۆساید، تێکدانی ماڵ و گوند و شار، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و، داوا کراوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق كەسوكاری ئەنفالكراوان و قوربانیانی تیرۆر بەپێی بڕگە دووی ماددی (132)ی دەستووری هەمیشەییی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.

 

دیندار زێباری لەبارەی ڕێكکه‌وتننامە نیودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ کە عێراق پێوه‌یان پابه‌نده،‌ گوتی: دیاره‌ تا ئێستا ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خەڵکی كوردستان ئه‌نجام دراون وه‌كو پێویست‌ دیکیۆمێنت نه‌كراون له‌لایه‌ن ئۆرگانە نیودەوڵەتییەکان بەتایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی مافی كه‌سوكاری قوربانیان پارێزراو بێت لە هەمان کاتیشدا میکانیزمی دەوڵەتی عێراق بۆ سوود وەرگرتن لە پیوەرە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە کارا نییە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار