"هەرێمی کوردستان لەنێو مەلەفەکانی واشنتن دایە"

واشنتن-KDP.info- هەمیشە هەرێمی کوردستان توانیویەتی لەگەڵ ئەمەریکا پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات، شارەزایەکی کاروباری ئەمەریکا بەرامبەر کورد دەڵێت، کورد لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە قەبارەی هەرێمێک توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بەهێز بکات.
هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر پرسەکان جێگای ''گۆڕان''ن و کوردستانیش وەک وڵاتێک ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بە باشی بەڕێوە دەبات. جۆن ساڵح، چاودێری سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە پرسی کورد دەڵێت، ئەمەریکا وەک ئەرکێک لەسەر خۆی دیتوە کە پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکات لە هەموو ڕوویەکەوە؛ بەتایبەت لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەموو ڕێکخراوەکان، یانیش حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانەوە، ئەوەش ڕاستە کە سیاسەت و ستراتیژیی ئەمەریکا بەپێی کات و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕدرێت، بەتایبەت لەسەر ئەو بەرژەوەندییانەی لەگەڵ وڵاتانی بەهێز هەن. ئەگەر هێندەک لە هەڵوێستەکانی ئەمەریکا بەرامبەر کورد گۆڕابن، بەڵام ئەمەریکا نایەوێت هاوپەیمانەکانی لەدەست بدات.
جۆن ساڵح، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پێویستە سیاسەت و ستراتیژیی کورد بەرامبەر ئەمەریکا بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا بزانێت کە کورد هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمەریکایە، لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە و پێیان بڵێن نامانەوێت چیی تر پەیوەندییەکانمان بەم شێوەیە بێت و دەبێ ئەمەریکا بۆ پرسە چارەنووسسازەکانمان بە زەلالی هەڵوێستی جیددی بەرامبەر کورد هەبێت."
جۆن ساڵح دەڵێت: "پەیوەندییە ستراتژییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کوردستان دەگۆڕدرێن بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەمەریکا و ئەو شەرت و مەرجانەی لە ناوچەکە دەگوزەرێن، لە دوای ئەو لەشکەرکێشییەی لە ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و ڕۆژەکانی دواتر ڕوویان دا دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا تێ گەیشتوون کە ئەوان هەڵەیەکی گەورەیان کردووە بەرامبەر کورد، چونکە ئەوان پێگەی سیاسیی چەندین میلیشیایان بەهێز کرد، بەڵام نەیانتوانی کوردستان داگیر بکەن.''
ئەگەر بەهێزیی پێشمەرگە نەبووایە ئەوا ئێستا جیهان لە ڕەوشیكی تردا بوو، چونکە کورد و پێشمەرگە بوون توانییان ئەفسانەی داعش لەنێو ببەن. ئەمەریکا لەوە تێ گەیشتووە هیچ پرسێك لە عێراقدا سەر ناگرێت ئەگەر کورد لەگەڵی نەبێت و حکوومەتی کازمییش ناتوانێت سەر بکەوێت و عێراق کۆنترۆڵ بکات ئەگەر کوردی لەگەڵ نەبێت، کورد زۆر گرنگە لە هاوسەنگیی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ناوچەکەدا، چونکە کوردە دەتوانێت عێراق بکاتە عێراقێکی یەکگرتوو.
"پیویستە کورد هاوسەنگیی سیاسیی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا بپارێزێت و خۆی نەکاتە لایەنگری کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، بەڵام گۆڕانکاری لە ناوچەکە روویدەدەن و دەبێ کورد خۆی ستراتیژیی سیاسی بگۆڕێت و هیچ جارێک خۆی نەسپێرێتە هیچ وڵاتێک." ساڵح وا دەڵێت.
جۆن گوتیشی: " ئێستا هەرێمی کوردستان لەنێو مەلەفەکانی واشنتۆندایە، بەڵام پێویستە زیاتر کورد پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرافراوانتر بکات لەگەڵ ئەوروپا و هەموو وڵاتانی دنیا، ئەمەریکاش هەوڵ دەدات کوردستان بۆ خۆی ڕابکێشێت و ڕێگا نادات کوردستان لە دەست بدات خۆی بدات. بۆیەش دەبێ لەو ڕووەوە کورد شارەزاییەکی تەواوی هەبێت و ئەم گەمە سیاسییە نێودەوڵەتییە بکات، چونکە ئەگەر سەیری بکەین ئێستا وڵاتانی کەنداو دەستیان بەو یارییە سیاسییە کردووە."
"ئەمەریکا نایەوێت کورد لەدەست بدات.
"هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەکرێزی و یەکگرتنی سیاسی و سەربازی هەیە، چونکە ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ یەکگرتنی لایەنە سیاسی و سەربازییەکان دەکات، و لەگەڵ بەهێزەکان مامەڵە دەکات، بۆیەش ئەوە گرنگە کورد خۆی بکاتە یەک لایەن بۆ ئەوەی بەهێزتر بێت و بتوانێت داوای مافی خۆی بکات."
"هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا گرنگییەکی گەورەی هەیە، دەبێ کورد لۆبی و دیپلۆماسیی فراوانتر بێت و دەبێ بۆ هەموو لەشکەرکێشییەک بۆ سەر کوردستان گرەنتیی سیاسی لە ئەمەریکا و ناتۆ وەربگرێت و دەبێ کوردستان سیاسەتی ئابووریی بەهێز بکات و پشت بە هیچ وڵاتیك نەبەستێت بۆ ئەوەی ببێتە بنکەیەکی سیاسی ئابووری لە ناوچەکە." ئەمە دواین وتەی جۆن بوو.
کاروان باعەدری




