٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری بۆ KDP باس لە خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لەسەر كردنەوەی ناوەندی ھەماھەنگی و ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە كەركووك، ھەرێمی كوردستان و عێراق بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، وەك بەرپرسانی كوردیش ئاشكرای دەكەن، پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەربازگەی كەیوەنی كەركووك، نەك شوێنی دیكە. 

بڕیارە چوار ناوەندی ھاوبەش بۆ ھەماھەنگی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكرێنەوە، لەمبارەیەوە بابەكر زێباری، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھێشتا دانوستان لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ كردنەوەی ناوەندی ھەماھەنگیی ھاوبەش بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا كۆتایی بە پرسەكە نەھاتووە و نەگەیشتوونەتە ھیچ ئەنجامێكی كۆتایی".

لەبارەی دیاریكردنی شوێنی ناوەندی ھەماھەنگی، راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "وەك دەستپێك رێككەوتن بۆ ھەندێ ناوچە كراوە كە خاڵی ھاوبەش و ناوەندی ھەماھەنگی تێدا بكرێتەوە، چەند خاڵێكیش دیاری كراون".

پەیوەست بە كەركووكیش، كە عێراق داوای كردووە بنكەی ھەماھەنگییەكە لە چیمەن یان پردێ بێت، بابەكر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین خاڵە ھاوبەشەكە لە سەربازگەی كەیوەنی نزیك كەركووك بێت، نەك شوێنی دیكە، ئەوەش خاڵی ناكۆكی نێوان ئێمە و بەغدایە، چونكە ئەوان بۆ كەیوەن رازی نەبوونە تا ئێستا".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار