٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگار: سكاڵای ھاووڵاتیانی شەڕی داعشمان گەیاندووەتە بەغدا.. حكوومەت بەڵێنی داوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- بڕیارە ئەوانەی لە سەردەمی شەڕی داعش زەرەرمەند بوونە، قەرەبوو بكرێنەوە، بەرپرسێكی پارێزگای مووسڵیش دەڵێ، ئەوانەی لە ٣٠ ملیۆن دینار زیاترە، لە بەغداوە پارەیان بۆ دێت و كەمتریش بێت لەلایەن ئیدارەی مووسڵەوە قەرەبوو دەكرێنەوە.

رەفعەت سمو، جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی  پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خەڵكێكی زۆر لە مووسڵ سكاڵایان تۆمار كردووە لەسەر زیانەكانی سەردەمی شەڕی داعش و زیاتر لە پەنجا ھەزار سكاڵاش بە شێوەیەكی فەرمی تۆمار كراون و ھەموو جۆرە زیانێكی ماددی و گیانیی تێدایە، چونكە ھاووڵاتی ھەیە ئۆتۆمبێلی لەناو چووە و ھەیە خانووی خاپوور كراوە تا دەگاتە رفاندن و كوشتن".

جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتی: "ئێمە وەك ئیدارەی مووسڵ سكاڵای ھاووڵاتیانی زیانلێكەوتووی شەڕی داعشمان گەیاندووەتە بەغدا و بڕیارە قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام حكوومەت پێی راگەیاندووین ئەوانەی زیانەكانیان كەمتر لە ٣٠ ملیۆن دینارە لە بودجەی مووسڵ قەرەبوو دەكرێنەوە لەلایەن ئیدارەی شارەكەوە".

سمو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەوانەی زیانەكانیان لە ٣٠ ملیۆن دینار زیاترە، لەلایەن لیژنەیەكی بەغداوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت و لەوێش قەرەبوو وەردەگرنەوە، ھەرچەندە كاتی وەرگرتنی قەرەبووی زیانەكانی سەردەمی داعش دیار نییە، بەڵام حكوومەت بەڵێنی داوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار